ئەفریقا

ڕاستیی و دروستیی وازهێنانی یاریزانێکی کینیایی بەهۆی هێرشی ڕەگەزپەرستیی

یاریگا- لە ڕۆژانی ڕابردوودا وا بڵاو بوویەوە کە بەهۆێ هێرشی ڕەگەزپەرستیی و گاڵتەکردن بە ڕواڵەت و شێوەی سەریەوە، دێنیس ئۆدیامبۆ بڕیاری کشانەوەی لە هەڵبژاردەی کینیا داوە بۆ بەردەوامبوون لە یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ پێگەی Goalی وەرزشیی، کین ئەوکاکا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی هەڵبژاردەی کینیا گوتی: “هیچ شتێک نازانم لەبارەی جێهێشتنی کامپی ڕاهێنانەکان لەلایەن دێنیسەوە و هەروە دەرچوونی لە میسڕ. ئێستا ئەو وەک هەر یاریزانێکتر لە کامپ لەگەڵماندایە و خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەڵبژاردەی تەنزانیا کە دەمانەوێت ببەینەوە و خۆمان بگەیەنینە قۆناغی داهاتوو.”

لە کۆتایی قسەکانیشیدا ئەو بەرپرسە گوتی: “گوێ نادەین بەوەی چی دەگوزەرێت لە چواردەورمان. ئێمە کەوتووینەتە کۆمەڵەیەکی قورسەوە و نابێت تەرکیزی خۆمان لەدەستدەین.”

دەنگۆ وا بڵاو بوویەوە لە یاریی یەکەمیاندا بەرامەر جەزائیر کە بە دوو گۆڵی بێ وەڵام دۆڕان، هاندەرانی جەزئیر سووکایەتیی و هێرشی ڕەگەزپەرستیان بەرامبەر یاریزانە کینییەکە ئەنجام دابێت، ئەوەش هەڵایەکی گەورەی لە نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا نایەوە و پاڵپشتییەکی زۆر بۆ دێنیس دەربڕدرا.

هەر لەو کۆمەڵەیەدا هەڵبژاردەکانی سەنیگال و تەنزانیاش دەبینرێت، ئەوەی یەکەمیان هاوشێوەی جەزائیر خاوەنی سێ خاڵە.

Back to top button