ئینگلتەرا

ئێمری داواکارییەکی لە ئارسیناڵ هەیە تا بتوانێت لەمەودوا ململانێی ڕیاڵ و مان سیتی بکات

یاریگانێت- ئونای ئێمری ڕاهێنەری ئارسیناڵ داخوازیی هەیە کارگێڕیی یانەکەی و داوا دەکات پارە لە کڕینی یاریزاناندا خەرج بکەن تا بتوانن شەڕی نازناوەکان بکەن.

ئێمری باسی لە ڕۆڵی ئارسیناڵ کرد لە ڕابردوودا چۆن چاودێری یاریزانە لاوەکان و یاریزانی دەرکەوتەی فێرگەی یانەکە دەکرد، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا، هێشتا دەبێت پارە وەگەڕ بخرێت بۆ ئەنجامدانی بۆندی گەورە، کە وەک خۆی ئاماژەی پێداوە، هاوشێوەی ڤێرجیل ڤان دایکی لیڤەپووڵ.

وتی: “پێموایە ئێستا ئێمە لەسەر ڕێگە ڕاستەکەین بۆ ئەوەی بتوانین ململانێی یانە دەوڵەمەندترەکانی وەک ڕیاڵ مەدرید و مانچستەر سیتی بکەین، خواستمان وایە ئارسیناڵ بکەین بە یەکێک لە باشترین یانەکانی جیهان.”

گەنەرز لە ماوەی ڕابردوودا هیچ بۆندێکی ئەنجام نەداوە جگە لە هێنانی دێنس سوارێز لە بارسێلۆناوە، ئەویش بە شێوەی خواستن.

ڕاهێنەرە ئیسپانییەکە توانیویەتی تۆپچییەکان بگەیەنێتەوە بە چوار یەکەمینەکەی پریمەرلیگ، ئامانجی ئەم وەرزەیان گەشتنەوەیە بە چامپیۆنسلیگ. ڕۆژی یەکشەممە دەبنە میوانی ئیڤەرتۆن لە میانی یارییەکانی خولی ئینگلیزی.

Back to top button