ئه‌مریکاخوله‌کانی دیکەمۆندیال

ئەفسانەی تۆپی پێی خانمان، مارتا، ڕیکۆردێکی مێژوویی شکاند

یاریگا- خانمە یاریزانی بەڕازیلیی و ناوداری تۆپی پێ، ڕیکۆردێکی ناوازەی شکاند لە مێژووی مۆندیالەکاندا.

لە میانی یارییەکانی مۆندیالی 2019ی خانمان کە ئێستا لە فەڕەنسا بەڕێوە دەچێت، هەڵبژاردەی بەڕازیل و ئیتاڵیا لە قۆناغی کۆمەڵەکان ڕووبەڕووی یەک بوونەوە و خانمانی سامبا بە تاکە گۆڵێک کە مارتا لە ڕێگەی لێدانی سزاوە تۆماری کرد، یارییەکەیان بردەوە.

بەو گۆڵەی، ئەفسانەکەی خانمان، کۆی گۆڵەکانی لە مێژووی بەشداریکردنی لە مۆندیالەکاندا کە پێجەم بەشداریکردنێتی، گەیاندە 17 گۆڵ لە کۆی 19 یاری. بەوەش مارتای تەمەن 33 ساڵ پێش میرۆسلاڤ کلۆزەی ئەڵمانی دایەوە کە ئەمەیان لەسەر ئاستی پیاوان خاوەنی 16 گۆڵە. تا ئێستاش شەش جار وەک باشترین یاریزان لەسەر ئاستی خانمان، مارتا لەلایەن فیفاوە هەڵبژێردراوە.

شایەنی باسە، هەر لەسەر ئاستی خانمان بریگت پرنزی ئەڵمانیی و ئابی واماچی ئەمریکی یەکی 14 گۆڵیان لە مێژووی مۆندیالەکاندا هەیە. بەڵام وازیان لە یاریکردن هێناوە، بۆیە ڕیۆکردەکەی مارتا هێشتا دوورە لە تێکشکاندنی.

هەڵبژاردەکانی ئیتاڵیا و ئوستڕالیا وەک یەکەم و دووەمی کۆمەڵەکە سەرکەوتن بۆ قۆناغی 16ی جامەکە، بەڕازیلیش وەک باشترین پلەی سێیەم سەرکەوت. جامایکاش پلەی چوارەم و ماڵئاوایی کرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button