یاریگا

مارادۆنا بۆ یاریزانانی ئەرجەنتین: ئێوە سووکایەتیی بەو درێسە دەکەن

یاریگا- جارێکیتر دیگۆ ئارماندۆ مارادۆنا ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتینی هێرشی توندی کردە سەر یاریزانانی ئێستای هەڵبژاردەی وڵاتەکەی.

هێرشەکەی مارادۆنا دوای شکستەکەی تانگۆ بوو کە لە یەکەم یاری خۆیاندا لە کۆپا ئەمریکای بەڕازیل بە دوو گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر کۆڵۆمبیا شکستیان خوارد. مارادۆنا بۆ کەناڵی TyC بەم شێوەیە دوا: “ئێستا بۆت دەردەکەوێت کە تەنانەت دورگەی تۆنگاش لێمان دەباتەوە؟ ئێمە شکۆمان بۆ هەڵبژاردەکە دروست کرد بە هەموو جۆرە بارودۆخێکی دژاوەروەە. ئێستا هەموو ئەوە چی لێ هات؟ کوا شکۆی درێسەکە؟ بە نەفرەتبن! دەبێت لە پێناو ئەو درێسەدا بجەنگن!”

مارادۆنا کۆتا سەرکردەی ئەرجەنتین بوو توانی سەرکردایەتی هەڵبژاردەکە بکات لە بردنەوەی مۆندیالی 1986. لەوەتەی کۆپا ئەمریکای ساڵی 1993 تانگۆ نەیتوانیوە لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی یەکەمی وڵاتەکە نازناوێک بباتەوە.

ئەرجەنتین ڕۆژی چوارشەممە لە دووەم یاری خۆیدا ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی پاراگوای دەبێتەوە، کە ئەمەی دووەمیان بە دوو گۆڵ بۆ هەردوولا لەگەڵ هەڵبژاردەی قەتەڕ کەوتە داوی یەکسانبوونەوە.

بۆ زانین Tonga دوورگەیەکە لە باشووری ئۆقیانووسی هێمن، ژمارەی دانیشتوانی بە گوێرەی ئامارەکانی ساڵی 2016  100,651 دەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button