چامپیۆنزلیگ

لەسەر ڕەخنەیەکی پۆچێتینیۆ، یوفا نەریتێکی خۆی گۆڕی

یاریگا- بە ڕاگەیەندراوێک، یوفا خواستێکی ماوریسیۆ پۆچێتینیۆی ڕاهێنەری تۆتنهامی هێنایە دی، کە پێشتر وەک ڕەخنە لە شێوازی ڕێوڕەسمەکە گرتبووی.

ڕاهێنەرەکەی سپێرس ڕەخنەی گرتبوو لە یوفا بەوەی تەنها ئەو دوو پێکهاتەیەی وەک سەرەکیی یاری دەکەن، دوێنەی پێش دەستپێکی یارییەکە دەگرن، ئەگەرچی ئەوە نەریتێکی لەمێژینەیە بۆ دوو تیمی یارییەکە ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە ڕوانگەی پۆچێتینیۆوە; یاریزانە یەدەکەکانیش ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە گەیاندنی یانەکەی بەو قۆناغە.

یەفا سەبارەت بەو ڕەخنەیە ڕایگەیاند کە لە مەدرید ئەو پرۆتۆکۆڵە باوە دەگۆڕدرێت و یاریزانانی یەدەکیش چانسی دووەمی پێ دەدرێت کە لە وێنەکەدا ئامادەبن، کە ژمارەیان 12 یاریزانە و بەم شێوەیە وێنەی کۆتایی دەگیردرێت:

“دەمانەوێت ئەوە ڕابگەیەنین کە نەریتێکی نوێی وێنەگرتنی پێش دەستپێکردن جێبەجێ دەکرێت لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2019ی مەدرید. دوای دانانی پێکهاتەی سەرەکیی و تەوقەکردن لەگەڵ ناوبژیوانان، دوو بوار بۆ وێنەی بە کۆمەڵ دەڕەخسێنرێت، یەکەمیان ئەو یاریزانانەی لە پێکهاتەی سەرەکییدان، دواتریش هەموو یەدەکەکان بە پێکەوەیی لەگەڵ سەرەکییەکان وێنە دەگرن.”

ڕاهێنەرە ئەرژەنتینییەکە پاڵنەری ئەو بیرۆکەیەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە تۆپی پێی یارییەکی بەکۆمەڵە و دەبێت لە پێش چاوی یەک بلیۆن مرۆڤدا  بەها و کاری پێکەوەیی پیشان بدرێت کە لە تۆپی پێدا هەیە. بۆیە وەک وتی: “11 یاریزانەکە و یەدەکەکانیش هەموویان گرنگن” نابێت هەر قسە هەبێت و مانای نەبێت، وەک لە پرێس کۆنفرانسەکەیدا ڕوونی کردەوە.

ئەمشەو لەسەر یاریگای واندا میترۆپۆلیتانۆی ئەتڵەتیکۆ مەدرید، تۆتنهام و لیڤەرپووڵ یاری کۆتایی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ ئەنجام دەدەن، کە بۆ دووەمین جارە لەوەتەی ساڵی 2008، دوو یانەی ئینگلیزیی ڕووبەڕووی یەک ببنەوە لە یاری کۆتایی.

بابەتی زیاتر

Back to top button