ئیسپانیا

سەرۆکی ڤیاڕیاڵ: یانەکانی ئیسپانیا دزیمان لێدەکەن!

یاریگانێت- دوای یەکسانبوونە دراماتیکیەکەی شەوی ڕابردوویان بەرامبەر بارسێلۆنا 4-4 لە گەڕی 30 خولی ئیسپانیا، سەرۆکی یانەی ڤیاڕیاڵ هێرشی کردە سەر یانەکانی ئیسپانیا لەسەر بردنی یاریزانە لاوە هەڵکەوتووەکانی یانەکەی، لە نێویشیاندا یانەی بارسێلۆنا.

فێرناندۆ ڕویج سەرۆکی ژێرئاوییە زەردپۆشەکان بە ڕۆژنامەی مارکای وت: “وانەیەک لەو یارییە بۆ ئێمە ئەوەیە کە خاوەنی یانەیەکی بەهێز و نایابین، یانەکە سەرکەوتوو بوو لە ململانێکردنی بارسا و خەریکبوو لێشی بباتەوە.”

ئەو سەرۆکە گازندە و ڕەخنەکانیشی نەشاردەوە لەسەر ئەو دیاردەیەی، کە وەک خۆی دەڵێت 15 ساڵە لە ئیسپانیادا بوونی هەیە، ئەویش بردن و پەلکێشکردنی توانا و بەهرە دەرکەوتووەکان، بۆیە وەها دەدوێت: “ئەوە بۆ 15 ساڵە تووشی دیاردەی دزییەکی ڕێکخراو دەبین، هەرکاتێک بەهرەیەک دەردەکەوێت لە ئەکادیمیای یانەیەک، ئیتر پێش ئەوەی بۆندی پیشەگەرێتی خۆی لەگەڵ یانەکەیدا پێشکەش بکات، بارسێلۆنا و ئەتڵەتیکۆ مەدرید و ئەتڵەتیکۆ بڵبا و پەلەپەل دەکەن و دەیڕفێنن.”

ڕویج باسی لە ئاستی یانەکەی کرد لەم یاریانەی دواییان، بەڵام ئەنجامەکانیان هەمووانی نیگەران کردووە. هۆشداریشدا کە لەو 8 یاریەی ماویانە هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەمدا نەماوە جگە لە بردنەوە، تاوەکوو بتوانن لە خولی ئیسپانیا بمێننەوە.

Back to top button