ئیسپانیا

ئیسکۆ ناڕەزایەتی خۆی لە زیدان لای مارسێلۆ و مۆدریچ باس دەکات

یاریگا- فرانسیسکۆ ڕۆمان ئالاکۆن سوارێز ناسراو بە ئیسکۆ، ناڕازییە لە چۆنێتی بەشداریی پێ کردن و پشت پێ بەستنی لەلایەن زینەدین زیدانی ڕاهێنەرەوە و ئەوەشی بەزارەکیی لای مارسێلۆ و لوکا مۆدریچی هاوتیمی دەربڕیوە.

کەناڵی مۆڤیستاری ئیسپانی بە پشتبەستن بە زوومی کامێراکان، دیمەنی گفتوگۆکەی ئیسکۆی بڵاو کردۆتەوە لە پێش یاریی کلاسیکۆ، لەگەڵ زانینی قسەکانی کە وەک ناڕەزایەتییەک لای ئەو دوو هاوتیمیەی دەریبڕیوە و گوتویەتی: “زیدان ئەگەر بیەوێت دامبنیشێنێت، ئەوا لە خولەکی 50 یان 60 دەمهێنێتە دەرەوە، یانیش هەر لە دوای تایمی یەکەم. کاتێکیش دەیەوێت بمخاتە یارییەوە، خولەکی 80یـە.”

بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیە، جۆری ناڕەزایەتی لە قسەکانی یاریزانە ئیسپانیەکە، مارسێلۆ دەخاتە پێکەنین و مۆدریچیش زەردەخەنەیەکی بۆ دەکات.

ئیسکۆی تەمەن 28 ساڵ، ئەم وەرزە لە کۆی حەوت یاریی خولی ئیسپانیا، تەنها دوو جار سەرەکیی بووە. لە بردنەوەکەیان بەرامبەر ڤالادۆلید لە مانگی ڕابردوو خولەکی 57 دانیشێرا و، لە دۆڕاندنە شۆکهێنەرەکەی قادشیش لە تایمی نێوان گێمەکان گۆڕانکاریی پێ کرا.

دوو جاریش وەک یاریزانی یەدەک خراوەتە یارییەوە. بەرامبەر ڕیاڵ بێتیس لە خولەکی 46 و بەرامبەر لیڤانتیش لە خولەکی 89 .

بابەتی زیاتر

Back to top button