ئیسپانیا

مۆدریچ كاتی وازهێنانی دیاریدەكات

یاریگا: ئەستێرەی هێڵی ناوەندی ڕیاڵ مەدرید لۆكا مۆدریچ، باس لە بەرواری وازهێنانی خۆی دەكات لە داهاتوودا.

مۆدریچ پلانەكانی داهاتووی خۆی ڕووندەكاتەوە كە ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاویكردووەتەوە و دەڵێت: ” هێشتا وەرزێكم ماوە لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید، گرێبەستەکەم لە هاوینی داهاتوو بەسەر دەچێت، دواتر دەبینین چی روودەدات”.

لەم بارەیەوە ئەستێرەكەی كرواتیا بەمشێوەیە درێژەی بە قسەكانیدا: ”من هەست بە باشی دەکەم و دەمەوێت بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بم لە یاریکردنی تۆپی پێ، بۆیە پێشبینی دەكەم بۆ چەند وەرزێكی دیكە بەردەوام دەبم”.

دەربارەی ئەو یانەیەی كە دەیەوێت تێیدا واز لە یاریكردن بهێنێت ووتی: من هێشتا وەڵامی ئەو پرسیارە نازانم، بە دلنیایەوە هیوادارم لە مەدرید بەردەوام بم بەڵام هێشتا بڕیاری كۆتایم نەداوە.

مۆدریچ بەردەوام بوو لە قسەکردن لەسەر ئەو دژواریەی کە لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید لە وەرزی یەکەمیدا ڕووبەڕووی بووەتەوە: وەرزێكی ئاڵۆز بوو بۆ من، بەجۆرێك هەندێك بە خراپترین گرێبەست هەڵیانبژاردم، نەمدەتوانی بە خێرایی خۆم لەگەڵ كەش و هەوای یانەكە بگونجێنم، بەڵام کاتێک خۆم ڕێکخست، شتەکان باش بوون.

سەبارەت بە باشترین ڕاهێنەر ڕاهێنانی لەگەڵ كردبێت ووتی: ”یاریم لەگەل ڕاهێنەرە مەزنەكان كردووە، هەمووان یارمەتیاندام تا ئاستم بەرەوپێش بچێت، بەڵام من تەنها یەك كەس هەڵدەبژێرم ئەویش زەینەدین زەیدانە ، پەیوەندیم لەگەڵ ئەودا لە هەموو پەیوەندیەکی تر لەگەڵ هەر ڕاهێنەرێک تایبەتترە ، ئێمە پێکەوە چەندین نازناومان بردۆتەوە و هەمیشە لە هەموو ڕاهێنەرێکی تر زیاتر لە من نزیک بووە “.

بابەتی زیاتر

Back to top button