ئیسپانیاگرنگترین
ڕاستەوخۆ

سەرۆکی بارسێلۆنا لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە

قەیرانە یەک لە دوای یەکەکان ماریا بارتۆمیۆ رووبەڕووی دوورخستنەوە دەکاتەوە

یانەی بارسێلۆنا پرۆسەی لێسەندنەوەی متمانەی لە سەرۆکی یانەکە پەسەند کرد.

بارسێلۆنا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، سەرکەوتنی پڕۆسەی لێسەندنەوەی متمانەی لە جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکی یانەکە راگەیاند و خشتەیەکی کاتییشی بۆ پڕۆسەکە دانا.

پێدەچێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا، شۆڕشێکی گەورە لە نێو کارگێڕی بارسێلۆنا رووبدات، ئەمەش دوای قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانی یانەکە و بە تایبەتیش، کەیسی مانەوە و رۆیشتنی لیۆنێل مێسی.

بارسێلۆنا بەبێ ئەوەی هیچ نازناوێک بەدەستبهێنێت، کۆتایی بە وەرزی رابردوو هێنا، دۆڕانە گەورەکەشیان بەرامبەر یانەی بایرن میونشن، کێشەکانی نێو یانەکەی گەورەتر کرد.

لە نوێترین بەیاننامەدا، بارسێلۆنا بە فەرمی سەرکەوتنی پڕۆسەی لێسەندنەوەی متمانەی لە بارتۆمیۆ راگەیاند، ئەمەش دوای هەڵمەتێکی گەورەی واژۆ کۆکردنەوەی بۆ لەکارلادانی سەرۆکی یانەکە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، تەنیا ٢٧٧ واژۆ هەژمار نەکران و زیاتر لە ٢٠ هەزار واژۆی دیکە پەسەند کران، کە لەلایەن ئەندامانی یانەکەوە کۆکرابوونەوە.

لەمڕۆوە، یانەی بارسێلۆنا ١٠ رۆژی لە بەردەمدا دەبێت بۆ پێکهێنانی کۆمسیۆنێک بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە تەواوەتی پەسەند بکات و لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو، دەنگدان لەسەر لەکارلادانی بارتۆمیۆ بکرێت.

هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ، ئەنجومەنی یانەی بارسێلۆنای ناچار کردووە، لەسەر پرسی دوورخستنەوەی بارتۆمیۆ بهێتە دەنگ و بەگوێرەی پێشبینییەکان، لە ماوەیەکی نزیکدا، هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی دەکرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button