ئەرشیڤ
ڕاستەوخۆ

فەرمی : یوڤێنتوس ماوریزیۆ ساری دووردەخاتەوە لە پۆستەکەی

یاریگا – کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای کرانە دەرەوەیان لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر لیۆن، یانەی یوڤێنتوس بڕیاری دوورخستنەوەی ماوریزیۆ ساری لە پۆستی ڕاهێنەرایەتی یانەکەدا دەدات، سەرەڕای ئەوەی ڕاهێنەرەکە تەنها وەرزێکی لە گرێبەستەکەی تەواو کرد و توانی نۆیەمین نازناوی خولی ئیتاڵی بۆ یوڤێنتوس بباتەوە.

بڕیاری دوورخستنەوەی ساری لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئیدارەی یانەکە درا لەنێوان سەرۆکی یانە ئاندریا ئەنێلی، و بەڕێوبەرانی دیکەی یانەکە، ئەمەش سەرەڕای ئەو لێدوانەی دوێنێی ئەنێلی کە گوتی لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا بریارێک دەدەن، بەڵام وادیارە هەر بە زووترین کات بریاریان لەسەر ساری دا.

ساری توانی یەکەمین نازناوی خولی خۆی لەگەڵ یوڤی بباتەوە، بەڵام تەنها خاڵێک لەپێش ئینتەر بوون و ئەو ریتمەی یوڤێنتوس وەرزی ڕابردوو هەیبوو لە یاریەکانی ئەمساڵ لەدەستیان دابوو. بەدەر لەمەش. ڕاهێنەرەکە دوای دۆڕانە قورسەکەیان بە لازیۆ لە جامی سوپەڕ و ناپۆلی لە جامی ئیتاڵیادا پێگەی لاواز ببوو، بەڵام دیاربوو بە دۆڕانەکەی بەرامبەر لیۆن، ئیدارەی یانەکە متمانەیان بە ڕاهێنەرە ئیتاڵیەکە نەما.

شایانی باسە ڕاهێنەرە تەمەن 61 ساڵیەکە دوای تەنها 51 یاری لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە، کە 34 بردنەوە، 8 یەکسان بوون و 9 دۆڕانی تیابوو و گرێبەستەکەی تا  ساڵی 2022 بوو، بەڵام ئەنجامە خراپەکانی وایکرد هەر زوو یوڤێنتوس بڕیاری دوورخستنەوەی بدەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button