ئیسپانیا

لێدوانەکانی پیکی دوای یارییەکەی سێڤیا ڕەنگە سزای بەدوادا بێت

یاریگا- ڕەنگە جێرارد پیکی دووچاری سزا ببێتەوە لە پای ئەو قسانەی لە دوای یەکسانبوونەکەیان بەرامبەر سێڤیا کردی.

شەوی ڕابردوو بارسێلۆنا لە هەفتەی 30 لالیگا لە نێو یاریگای سێڤیا دوو خاڵی گرنگی لە دەستدا پاش ئەوەی هەردوو یانە چەندین هەلی گۆکردنیان بە فیڕۆ دا.

دوای یارییەکە بەرگریکارە ئیسپانیەکە بێ هیواییەکی زۆری پێوە دیار بوو لەوەی ترسی لێ نیشتووە نازناوەکەیان لە بەرژەوەندی ڕیاڵی ڕکابەریان لە کیس بچێت. پیکی جگە لە هەڵسەنگاندن بۆ یەکسانبوونەکەی خۆیان، چووە سەر باسی ڕیاڵ مەدرید و گوتی: “زەحمەتە چیتر ڕیاڵ ببینین خاڵ لە دەست بدات.”

ڕۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاوی کردۆتەوە کە لێکۆڵینەوە لە قسەکانی پیکی دەکرێت، لە باری ساغبوونەوەی بەوەی توانجی لە بەرپرسانی خولەکە دابێت بەوەی هاوکاری مەدریدیەکان دەکەن، ئەوە ئەو بەرگریکارە ئەگەری هەیە سزا بدرێت چ ماددی بێت یاخود ڕاگرتنی.

قسەکانی ئەو یاریزانە دوای ئەوە هات کە لە هەفتەی 29ی خولەکە گۆڵێکی جێ مشتومڕی ڤالێنسیا لەلایەن ڤارەوە ڕەت کرایەوە کە لە مێرەنگی تۆمار کرد، ئەوەش ڕەخنەی بە دوای خۆیدا هێنا بەوەی ڕەت کردنەوەی ئەو گۆڵە ئاراستەی یارییەکەی لە بەرژەوەندی ڕیاڵ گۆڕیوە.

سپۆرت ئەوەشی ڕوون کردۆتەوە کە لێکۆڵینەوەکان لە قسەکانی پیکی ڕەوانەی لیژنەی بەڕێوەبردنی خولەکە دەکرێت، بەڵام ڕەنگە کاتی بوێت بۆ بڕیاردان، بەوەش ئەگەری هەیە هەر سزایەکی ڕاگەیەندراو جێبەجێکردنی بکەوێتە وەزری نوێوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button