ئینگلتەرا

تەکنەلۆژیای هێلی گۆڵ هەرای نایەوە لە یاریەکەی ئەستۆن ڤێلا و شیفیڵد یونایتد

یاریگا – یانەی شیفیڵد یونایتد گۆڵێکی شایستەیان بۆ هەژمار نەکرا لە یاریەکەی ئەمڕۆیان بەرامبەر ئەستۆن ڤێلا و یاریزانانی پریمەرلیگ و هەواداران خراپی تەکنەلۆژیای هێلی گۆڵیان بە هۆکاری ئەم هەڵە زەقە داناوە.

یاریەکەی ئەستۆن ڤێلا و شیفیڵد یەکەمین یاری بوو دوای سێ مانگ وەستانی پریمەرلیگ، بەڵام خراپ کارکردنی تەکنەلۆژیا بووە هۆی ئەوەی چاوەکان هەمووی لەسەر ئەو هەڵە زەقە بن. کاتێ یاریزان بیڵی شارپ تۆپەکەی ئاراستەی گۆڵی ئاستۆن ڤێلا کرد، گۆڵچی نیلان تۆپەکەی لەنێو گۆڵەوە هێنایەوە.

یاریزانانی شیفیڵدیش داوایان لە ناوبژیوان مایکڵ ئۆلیڤەر کرد کە گۆڵەکە هەژمار بکات، بەڵام تەکنەلۆژیای گۆڵ هیچ ئاماژەیەکی بە گۆڵ نەکردبوو، بۆیە ناوبژیوان ئۆلیڤەر درێژەی بە یاریەکە دا و بەهۆی متمانەی بە تەکنەلۆژیای هێلی گۆڵ، سەیری ڤاری نەکردەوە. یانەی شیفیڵدیش لەڕێگەی تویتەرێکی تەنز ئامێزەوە نووسیویانە “کاری نەکرد” وەک ئاماژەیەک بە تەکنەلۆژیای سەر هێلی گۆڵ.

شایانی باسە بابەتی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە تۆپی پێ بۆ ناوبژی هەمیشە جێگای مشتومڕ بووە و ئەم جۆرە ڕوودوانە گومانی زیاتر و زیاتر دەخەنە سەر تەکنەلۆژیاکان و ناڕەزایەتی زۆری یانەکانی لێدەکەوێتەوە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button