ئه‌مریکائه‌وروپا

فیفا وەڵامی تڕەمپ دەداتەوە لەبارەی ناچارکردنی یاریزانان بە وەستانیان لەکاتی سروودی نیشتیمانی

یاریگا – سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دۆناڵد تڕەمپ، ڕایگەیاندووە سەیری یاریەکانی هەڵبژاردەی ئەمەریکا ناکات ئەگەر هاتوو یاریزانان لەکاتی سروودی نیشتیمانی لەسەر چۆک دانیشن. لە بەرامبەر ئەمەشدا، فیفا داوای ڕێزگرتن و چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات و داواکارە تڕەمپ ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکات کە یاریزانان ناچار دەکات لەکاتی سروودی نیشتینمانی ئەمەریکادا بە پێوە بوەستن.

ئەم کاردانەوەی تڕەمپیش لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی ئەمەریکاوە ئیدانە کرا دوای ئەوەی مێگان ڕاپینۆی کاپتنی هەڵبژاردەکە پشتگیری خۆی بۆ سەرجەم ئەو یاریزانانە دووبارە کردەوە کە وەک ناڕەزایەتیەک دژی ڕەگەزپەرستی لەسەر چۆک دادەنیشن لەکاتی سروودی نیشتیمانی ئەمەریکادا.

لە وەڵامدا دۆناڵد تڕەمپ ڕایگەیاند کە سەیری یاریەکانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەکەی ناکاتەوە دوای ئەم بڕیارە و ڕایگەیاند “باشتر وایە هەڵبژاردەی نیشتیمانیمان نەبێت ئەگەر لەکاتی سروودی نیشتیمانی لەسەر پێیەکانیان ناوەستن“. ئەم هەنگاوانەشی یەکێتی تۆپی پێی ئەمەریکا لە ئەنجامی خۆپیشاندانە سەرتاسەریەکانی ئەمەریکاوە هات دژی ڕەگەزپەرستی و کوشتنی جۆرج فلۆید لەلایەن پۆلیسەوە.

شایانی باسە سەرۆکی فیفا “جیانی ئینفانتینۆ” پێشتر پشتگیری خۆی بۆ کۆمەڵێک یاریزانانی بۆندسلیگاش دووپات کردبووەوە کە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی یاریەکانی بۆندسلیگا لەڕێگەی ئاماژەکانیان ڕەگەزپەرستیان ئیدانە کردبوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button