کوردستانوتار

ووتار: ڕەوایەتیدان بەو ڕووداوه‌ قێزەونانە لەپای چی و بۆچى؟

نوسینی: هەردی حسن

لە دوێنێوە زۆر وترا لەسەر ئەو ڕووداوە قێزەونەی کە لەپاش یاریی نێوان ڕزگاری و خانەقین لە خولى یانە پلە یەكەكانى كوردستان ڕوویدا، هەریەکەو بە شێوەیەک دیدو بۆ چونى خۆیان خسته‌ڕوو لەسە ر ڕووداوەكە، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە زۆرینە نیگەرانن لەو ڕه‌فتاره‌ى كە ئه‌نجامدراو کارگێڕی یانەی ڕزگاریش بەفەرمی داوای لێ بوردنی لە یانەی خانەقین کردو تێچوی سەرجەم ئەو زیانانەی بەر ئۆتۆمبیلی یانەى خانەقین کەوتوە گرتە ئەستۆی خۆی.

ئەوەى من دەمەوێ قسەى لەسەر بكەم ئەمجۆرە ڕووداوانە لە وەرزشى كوردستاندا نامۆ نییە و ساڵانەش بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، هەمووانیش ئەزانین ئەمجۆرە کارانە جگە لە کۆمەڵێك خەڵکی گێرەشوێن كە هەمیشە ئامانجیان ناشرینكردنى وەرزشى كوردستانە و به‌رده‌وامیش بونەتە گرفت بۆ یاریگاكانى كوردستان لە وەرزشكارى ڕاستەقینەى ئەم وڵاتە ناوەشێتەوە. ئەو وەرزشكارانەى كە بەمانا جوانەكەى لە وەرزش تێ گەیشتون و وەرزش بۆ پێشخستنى شار و دەڤەرەكەى خۆیان دەكەن و تەنها خەمیان هاندانى یانەكەو سەركەوتنى یانەكەیانە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە لاى هەندێک ئه‌مكاره‌ ڕه‌وایه‌تى پێدراوه‌ و بە کۆمەڵێك قسەی نه‌شیاو و نالۆژیك وەکو “ئیتر ئەمە وەرزشە، ئەم کارەش لە دونیاى وەرزشدا ڕووئەدات، لە زۆر یاریگای دیكه‌ش لە کوردستان و لە ئەوروپاش ڕوویداوە”.

گریمان لەهەموو کوردستان ڕوویداوه‌ ئێ با لە ناوچەو لەو شارەى تۆى تێیدا نیشتەجێیت ڕوونەدات، با شارەكەى تۆ ببێتە نمونەیەكى جوان بۆ هەمووان و هەمووان چاو لە تۆ بكەن بۆ هەر ئەبێ لە پێشکەش کردنی شتی ناشرین چاو لەخەڵکانی تر بکەین و خەڵكى تر بەنمونە بهێنینەوە. ئەمەى لە كوردستان ئەگوزەرێ مەترسیدارە كە دێى لە پێناو دڵسۆزى و لایەنگریت بۆ یانەكەت نموونە ناشرینەكانى تر دێنیته‌وه‌ و ڕەوایه‌تى بەو کارە ئەدەیت کە هەمووان بەبیستنو بینینیشی تا سەر ئێسك بێزى لێدەكەنەوە. ڕووداوەکان گەورەن یاخود گەورە دەكرێنەوە..؟ ڕەوایەتی دانێکی تر بەمکارە ناشرینانە و چەندەها كارى ناشرین ترى هاوشێوەى ئەمە لای پرۆفیسۆرەکانى وەرزش ئەوەیە ئەم کارە قێزەونانه‌ كە لە یاریگاكانى كوردستان ڕوو ئەدەن گەورە نین به‌ڵكو ڕۆژنامەنوسان و دوژمنانى یانەكان گەورەى دەكەنەوە، نەخێر ئەو كارەى لە پاش یارى ڕزگارى و خانەقین ڕوویداو ئەوانەشى كە لە یارى نێوان دهۆك و زاخۆ ڕوویدا و ئەوەشى لە یارى نێوان پیرەمەگرون و قەڵادزێ وەزرى ڕابردوو ڕوویدا خۆی گەورەیە ئەگەر خۆمان لە گێلی نەدەین هەمیشە لە پاش ڕووداوەكان وێنەكان و بینینی ئەو گرتە ڤیدۆیانە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەبنەوه‌ بۆمان دەردەخەن و ئەزانین کارەکان گەورە بوە یان گەورە کراوەتەوە؟ بۆ لاى تۆى شارەزاو لێزان تەنها ئەو کات ئەم ڕووداوە گەورەیە کە کەسێ ببێتە قوربانی! بۆ تۆ پێت وایە تەنها ئەو ڕووداوەى كە لەیاریگاكەى تۆدا ڕوو ئەدا باس ئەكرێ و ئەكرێت بە مانشێتى میدیا و راگه‌یاندنه‌كان و ڕووداوى ناوچەكانى تر دێزە بە دەرخۆنە دەكرێت. كۆتا قسه‌ ئەوەیە ئەبێ هەمووان كار بۆ بنبڕكردنى ئەم كارە قێزەونانە بكەین، كار بۆ ئەوە بكەین ئیتر شەرمە یاریگاكانى كوردستان ئەم كارانەى لێ ببینین نەك لە پێناو دڵسۆزى و لایەنگرى ڕەوایەتى بەمكارانە بدەین!!

کۆمێنتێکی نوێ دابنێ

کۆمێنتەکان

تاگ

هێرش جەعفەر

سەرنووسەری ماڵپەری یاریگا

بابەتی پەیوەندیدار