ئه‌وروپا

ڕۆناڵدۆ بوو بە یەکەمین “ملیاردێر” لە مێژووی یاریزانانی تۆپی پێدا

یاریگا- کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ جارێکیتر ناوی چووە مێژووەوە، ئەم جارە لە ڕووی داهات و داراییەوە.

بە گوێرەی گۆڤاری “فۆربیس” کە گۆڤارێکی ئابوورییە، ئەفسانە پورتوگالییەکە بووە بە یەکەمین یاریزانی تۆپی پێ کە داهات و دەستکەوتە ماددییەکانی ملیار دۆلار یان زیاتر تێپەڕنێت بە درێژایی هەموو کاروانی وەرزشی پیشەگەرێتی خۆی.

ڕوون کراوەتەوە کە تەنها لە کۆتا 12 مانگی ڕابردوودا ڕۆناڵدۆ داهاتی گشتی ساڵانەی گەشتۆتە 105 ملیۆن دۆلار، چ لە ڕێگەی مووچەکەی لەگەڵ یوڤێنتوس، یان ئەو پارانەی لە ڕیکلام کردندا دەستی دەکەوێت، وە یاخود لە سەرچاوە جیاوازەکانی ترەوە.

لە گۆڤارەکەدا دۆن ڕۆناڵدۆی تەمەن 35 ساڵ لە ڕووی داهاتی گشتیی ساڵانەوە، لە ڕیزبەندی چوارەمی 100 کەسایەتی جیهاندایە.

لەسەر ئاستی وەرزشیش بە گشتی، ئەفسانە پورتوگالییەکە بووە بە سێیەم وەرزشوان کە ببێتە ملیاردێر و هێشتاش لە پیشەکەی بەردەوامبێت. ئەوەش دوای هەریەکە تایگەر وودسی ئەمریکی یاریزانی بەناوبانگی گۆڵف لە ساڵی 2009 و، هەروەها بۆکسێنەری هەرگیز نەبەزێنراوی ئەمریکی لە ساڵی 2017.

لە ماوەی 17 ساڵ یاریکردنی وەک یاریزانی پیشەگەت، ڕۆناڵدۆی براوەی پێنج تۆپی ئاڵتونی توانیویەتی تەنها لە تۆپی پێدا 650 ملیۆن وەدەست بهێنێت. چاوەڕوان دەکرێت ئەو بڕە بەرز بکاتەوە بۆ 765 ملیۆن دۆلار دوای دوو ساڵیتر کە گرێبەستەکەی لەگەڵ یوڤی کۆتایی پێ دێت.

بۆ زانین، لە دوای ڕۆناڵدۆ کە  زۆرترین پارەی لە ڕێگەی مووچەکەی لە تۆپی پێدا کۆ کردبێتەوە، لیۆنێل مێسی دێت. ئەمەی دواتریان لە کۆی کاروانی وەرزشی خۆی بڕی 605 ملیۆن دۆلاری دەست کەوتووە. دوای ئەمانیش، ئەلێکس ڕۆدریگێزی یاریزانی بەیس بۆڵە، کە توانیویەتی 450 ملیۆن دۆلاری دەست بکەوێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

ئەم بابەتەش بخوێنەوە
Close
Back to top button