ئیسپانیا

مێسی: لە بەر ئەم هۆکارە ساڵی 2016 دەمویست بارسا جێ بهێڵم!

یاریگا- لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی دان بەوەدا دەنێت کە ساڵی 2016 ویستوویەتی بارسێلۆنا جێ بهێڵێت، باس لە هۆکارەکەشی دەکات.

لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆ کەتەلۆنیا، کاپتنەکەی بارسا گوتی: “لە 2016 بیرم لە جێهێشتنی کامپ نو دەکردەوە، ئەوەش بەهۆی کێشەی باج کە رووبەڕووم دەبوویەوە. بەڵام بیرکردنەوەکەم بە گشتی بۆ ڕۆشتن لە ئیسپانیا بە یەکجاری، نەک تەنها بارسا.”

مێسی و باوکی تۆمەتبار کران بە خۆدزینەوە لە باج لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ 2009, هەر بۆیەش مەترسی ئەوەی هاتە سەر کە بۆ ماوەی 21 مانگ بەند بکرێت. دواتر لە ساڵی 2017 بە پێ بژاردن، بڕیاری دادگایەکەی لەسەر هەڵگیرا و بۆ بژاردنی 223 هەزار پاوەند سزاکەی لەسەر سووک کرایەوە. باوکیشی 161 هەزار پاوەندی پێ بژێردرا تا لە سزای 15 مانگ زیندانی ڕزگاری بێت.

مێسی بڕیاری کۆتایی بۆ مانەوەی هەر لە کامپ نو، سەرەڕای ئەوەی وەک خۆی دەڵێت زۆر هەستی بە خراپی مامەڵەکردن لە دژی کردووە، بەڵام مانەوەی لەگەڵ بلاوگرانا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو کات خواستیتری لە یانەکانیترەوە بۆ نەهاتووە. هەروەک دەشڵێت: “چونکە هەموان ویستی منیان بۆ مانەوە لەگەڵ بارسا دەزانی.”

دوو هۆکاری سەرەکیشی بۆ مانەوە هەر لەگەڵ بارسا خستە ڕوو، گوتی: “یەکەم لەبەر بارودۆخی خۆم لەگەڵ یانەکە و ئەو خۆشەویستیە زۆرەم بۆ یانەکە هەیە. دووەمیش چونکە خانەوادەکەم وابەستەی شارەکەن.”

بابەتی زیاتر

Back to top button