ئیتاڵیا

ئەفسانەیەکی هێڵی ناوەند: ساندرۆ تۆنالی بە من دەچوێنن، بەڵام ئەو زۆر لە من تەواوترە!

یاریگا- ساندرۆ تۆنالی تەمەن 20 ساڵی ئیتاڵی، بە ئاستە بەرزەکەی بۆتە جێی سەرنج و یانە گەورەکانی ئیتاڵیا و دەرەوەی ئیتاڵیا چاویان لەم گەوهەرەی هێڵی ناوەندە.

ساندرۆ، یاریزانی بریشیا، کە بە “ئاندریا پیرلۆی نوێ” ناوزەد دەکرێت، وای لە ئەفسانە و مایسترۆی پیشووتری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا کردووە قسەی خۆی سەبارەت بەو لێکچواندنە بکات. پیرلۆ لە گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆی ئینستاگرمدا، گوتی :”گوایە دەوترێت تۆنالی جێنیشینی منە، بەڵام من هاوبەشییەکی زۆر لە نێوانماندا نابینم، ئەو جۆرێکیترە لە یاریزان، لە منیش تەواوترە چ لە لایەنی بەرگری و چ لە ڕووی بونیاتنانەوە. ئەو تێکەڵەیەکە لە تایبەتمەندییەکانی من و یاریزانانیتر. تۆنالی دیارترینی ئەو ناوەڕاستکارانەیە کە داهاتوویەکی گەشی دەبێت.”

هەواڵەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە زاری ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگ جیانلوکا دی مارزیۆ وا بڵاو کرایەوە کە ئەو یاریزانە وەرزی داهاتوو بریشیا بەرەو ئینتەر میلان جێ دەهێڵێت. ئەوە لە کاتێکدایە گرێبەستەکەی لەهەڵ یانەکەی تا هاوینی 2021 دەخایەنێت و یانەکانی دەرەوەی ئیتاڵیاش وەک ڕیاڵ مەدرید و بارسێلۆنا و مانچستەر سیتی لە نێو دەنگۆیەکانن بۆ گواستنەوەی “پیرلۆی نوێ”.

بابەتی زیاتر

Back to top button