ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌

لە ئەگەری شکستهێنانی گواستنەوەی لاوتارۆ، بارسا پێنج هێرشبەری دیکەی کردۆتە ئامانج!

یاریگا-یانەی بارسێلۆنا لە ئێستاوە بیر لە جێگرەوەی ئامانجە سەرەکییەکەی دەکاتەوە کە کڕینی لاوتارۆ مارتینێزە لە یانەی ئینتەر میلان، لە باری شکستهێنانی لە گواستنەوەی ئەو یاریزانە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ئینتەر بڕی 111 ملیۆن یۆرۆی بەستۆتەوە بە هێرشبەرەکەیەوە، بۆیە کیکی سیتین و یانەکەی ناچار کردووە بیر لە بژاردەیەکیتر بکەنەوە، بەوپێیەی لە ئێستادا بارسا بەهۆی کێشەی داراییەوە، ناتوانێت ئەو بڕە پارەیەی پێ هەڵبسووڕێت. ئەوە و هەروەها خودی یانە ئیتاڵییەکەش نایەوێت لە ماوەی گواستنەوەکانی هاوینەدا دەستبەرداریی یەکێک لە گرنگترین ڕەگەزەکانی بێت بە ڕاهێنەرایەتی ئەنتۆنیۆ کۆنتی.

ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ناوی ئەو پێنج هێرشبەرەی ئاشکرا کردووە;  لە سەرووی هەموویانەوە تیمۆ وێرنەری هێرشبەری یانەی لایبزیگی ئەڵمانی کە لە خولی ئەڵمانی و یانە پاڵەوانەکانیش ئاستێکی نایاب پێشکەش دەکات و نرخەکەی بە نزیکەی 60 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت، بەڵام خواستی زۆری بایەرن میونخ و لیڤەرپوول بۆ پەلکێشکردنی ناوبراو، لەمپەرێکی گەورە دەبێت لەبەردەم بارسێلۆنا.

ئامانجی دووەمی بارسا، تامی ئەبراهامی هێرشبەری چێڵسیە، بە بەکارهێنانی فیلیپ کۆتینهۆ بۆ سەرنجڕاکێشانی بلووز بە کۆتایی هێنانی مامەڵەکە.

ئامانجێکیتری یانە کەتەلۆنییەکە، ئەلیکساندەر ئیسحاقی هێرشبەری سویدی و یانەی ڕیاڵ سۆسیدادە، کە تەمەنی 20 ساڵە و ئەم وەرزە وەک گۆڵکارێکی نایاب خۆی نواندووە. پێش وەستانی خولەکانی ئەورووپا، ناوبراو خاوەنی 14 گۆڵ بوو. بەڵام بەهۆی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیەوە کە تا 2024 دەخایەنێت، نرخی ناوبراو بە 70 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت.

بارسا هاوکات چاوی بڕیوەتە جۆناسان دیڤیدی یاریزانی جینیت. هێرشبەرە کەنەدییەکە ئەم وەرزە لەگەڵ یانە بەلجیکیەکەدا 23 گۆڵی تۆمار کردووە و پاسی 10 گۆڵیشی بە هاوڕێکانی داوە. ئارسیناڵی ئینگلیزیش گرنگیپێدەرێکی تری ئەم یاریزانەیە.

کۆتا بژاردەش، ڤیکتۆر ئۆسیمینە لە یانەی لیل. ئەم هیرشبەرە تەمەنی 21 ساڵە و تا 2024 گرێبەستی لەگەڵ یانە فەڕەنسیەکەدا هەیە. لەم وەرزە توانیویەتی 18 گۆڵ تۆمار بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button