فه‌ره‌نسا

پێنج ساڵ سڕکرا لەسەر گازگرتن لە زەکەری یاریزانی بەرامبەر!

یاریگا-لە رووداوێکی سەیروسەمەرەدا لە فەڕەنسا یاریزانێک پێنج ساڵ سڕکرا بەهۆی گازگرتن لە زەکەری یاریزانی تیپی بەرامبەر.

بەگوێرەی لا ریپوبلیکا لە خولی نەتەوەیی فەڕەنسا (پلە چواری ئەو وڵاتە) و لە  پاش یاری نێوان  تێرڤیل و سۆیتریک  کە بە ئەنجامی ١-١ کۆتایی هاتووە، دوو یاریزانانی هەردوولا لە گەراجی ئۆتۆمبێلی دەرەوەی یاریگاکە بەشەڕهاتوون. کاتێک  یاریزانی دووهەمی تێرڤیل هەوڵی داوە لێکیان جیابکاتەوە، یاریزانەکەی سۆیتریک گازێکی لە زەکەری ئەو یاریزانە گرتووە کە هەوڵی ناوبژیداوە و لە ئەنجامدا پێویستی بە ١٠ تەقەڵ بووە بۆ دوورینەوە.

رووداوەکە لە مانگی  ١١ی ساڵی رابردوو روویداوە بەڵام سزادانەکە دواکەوتووە تاوەکو ئەمڕۆ.  قوربانیەیەکەش بە شەش مانگ سڕکردن سزادراوە بەهۆی رۆڵی لە هەڵگیرساندنی شەڕەکەدا.

لە نەهامەتی یانەی تێرڤیڵی خاوەن ماڵدا، یانەکە بەهۆی شکستهێنان لە پاراستنی سەلامەتی یاریزاناندا دوو خاڵی لێ کەمکرایەوە لە کاتێکدا بەرامبەربوونەکە یەکەم خاڵی ئەو یانەیە بوو لەم وەرزەدا. تێرڤیل شارێکی بچووکە دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی فەڕەنسا.

بابەتی زیاتر

Back to top button