ئیسپانیا

“ئەوەی لە کۆتایی دەچێتە گەرماوەکە، دەبێت بە ئاوی سارد خۆی بشوات!”

یاریگا- یانەی ڕیاڵ ئەمشەو لە میانی یارییەکانی جامی شای ئیسپانیا دەبنە میوانی یانەی یونیۆنیستاس دی سالامانکا.

سەرەڕای سەختی کەشوهەوای شارەکە لە ئێستادا بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە، یاریگا و خزمەتگوزاریی ناو یاریگاکەش زۆر لە کەشوهەواکە لەبارتر نییە بۆ میوانە زلهێزەکەی پایتەخت، بۆیە پێشوەختە ئەستێرەکانی مێرەنگی لەلایەن کاپتنی یانەی خانەخوێ هۆشدارییان پێ دراوە کە هەر یاریزانێک درەنگ گەرماو “حمام”ی بەربکەوێت، ئەوا ناچارە بە ئاوی سارد خۆی بشوات!

ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەستی گەشتۆتە بەشەکانی ناوەوەی یاریگا 3000 کورسیەکە کە 2013 دامەزراوە و خزمەتگوزارییەکانیتری. ڕۆژنامەکە دەڵێت تەنانەت یاریزانانی یونیۆنیستاس خودی خۆشیان ناتوانن هەموو جارێک زەوی یاریگاکە بەکار بهێنن چونکە کاری نۆژەنکردنەوەی تێدا بەڕێوە دەچێت. شوێنی ڕاهێنانکردنیشیان کە هۆڵێکی یاری ئاسنی لەگەڵدایە، هیچ هێڵکارییەکی لەسەر نەکراوە کە ئەمەش گرفتێکە بۆ دەستەی ڕاهێنەران.

مارکا قسەیەکی لە نزیکەکانی یانەکەوە گواستۆتەوە و دەڵێن: “هیچ هێڵکاریی لەسەر زەوییەکە نییە، هەر ئەمڕۆش بانگردێن “ڕۆڵە”یان بەسەریا سووڕداوە ئەوەش چونکە میدیاکان هاتوون و لێرەن.”

ڕۆژنامەکە چۆتە نێو هۆڵی ئاسنەکەوە “جیم” وەک خۆی نووسیویەتی، پێشتر وەرزشوانێکی لێ بووە یاریی قورسایی کردووە کە یانەکەش هەر ئەم هۆڵە بەکار دەهێنێت و بارودۆخی ڕاستەقینەی هۆڵەکە بەو شێوەیە.

لەوانەی سەرەوە سەیرتر، قسەی پیۆخۆی کاپتنی یانەیەکە کە دەڵێت: “ئاوی گەرم لە گەرماوەکەماندا تەنها بەشی 20 خولەک دەکات کاتێک ئێمە هەر 40 کەسەکەمان خۆمان دەشۆین، بۆیە ئەوانەی کە کۆتا جار دەچنە ژوورەوە بۆ گەرماو، بە دڵنیاییەوە دەبێت بە ئاوی سارد خۆیان بشۆن!”

هاوکات کاپتنەکە داوایەکی لەو یاریزانە دەکات کە گۆڕانکاریان پێدەکرێت “دادەنیشێنرێن” دەڵێت: “داوا لەو یاریزانانە دەکەم گورج نەچنە گەرماوەکەوە، چونکە دواتر هیچ ئاوی گەرم بۆ ئێمە نامێنێتەوە. ئیتر بۆ یانەیەکی بێ پێگە و بێ ئاست شتەکە ڕێک ئاوایە.”

وردەکاریی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە زیندەدین زیدانی ڕاهێنەری ڕیاڵ لە کۆبوونەوەی ڕۆژنامەوانی پێش یارییەکە ڕایگەیاند کە یانەکەی بۆ هەموو جۆرە یاریگایەک ئامادەیە، چونکە یاریزانەکانی لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button