ئەرشیڤ

مانای حەقیقەت و بوونی تۆپی پێ “ئێستا موڵکی ئەیاکسە”

نوسینی: بڵنــد عیرفان.

وەک لە وتاری پێشوومدا ئاماژەم بە سەرمایەداری دابوو، هەڵوەدای چێژێکی ڕاستەقینەی تۆپی پێ بووین، بە چەشنێک گرەوو سەرمایەداری، مەجالێکیان نەهێشتووەتەوە بۆ یانەیەک تا جەوهەری تۆپی پێمان بخاتەوە بەر چاوانمان. بەڵام شەوی ڕابردوو یانەی ئەیاکس، دووبارە ڕۆحی زیندوویەتی تۆپی پێی پێ نیشانداینەوە. بە سەرنجدان لە یاری پێشووی نێوان یۆڤی و ئەیاکس، پێشبینی ئەم حاڵەتەم دەکرد، بۆیە هەر هەفتەی پێشوو بیرۆکەی ڕاگەیاندی ڕۆحییەتی (ئەیاکسی)م دا، بەڵام پێویستی بەپەلە نەدەکرد.

لە نێوان ئەم فۆڕمە چەپەڵەی تۆپی پێدا، ئەیاکس تینوویەتی شکاندین، بەچەشنێک دووبارە ڕۆحییەتی ڕاستەقینەی تۆپی پێمان بینییەوە. ئەیاکس سەلماندی، هێشتا فەلسەفە و عەقڵ لە نێو تۆپی پێدا ماون، مامەڵەیەکی عەقڵانییانە ماوە لە تۆپی پێدا، کە نەکەوتووەتە ژێر هەژموونی سەرمایەوە. ئەیاکس وانەیەکی کۆنی تۆپی پێیە، بەڵام ڕۆحییەتەکەی مردبوو، وە ئێستا ئەیاکس ئەو ڕۆحەی بەخشییەوە بە تۆپی پێ و وانە کۆنەکەی کە لە مێژبوو چاوەڕێی بووین وتەوە، وانەیەک کە دەمێک بوو دەبوایە بگووترایەتەوە. ئەمشەو شەوێکی گرنگە بۆ بەخشینی ئارامی بە ڕۆحی یاریگا و چێژگەرایی تۆپی پێ. شەوی ڕابردوو، ئەیاکس مانفێستی تۆپی پێ بوو. ئەیاکس، سەلمێنەری بوونی تۆپی پێیەکە کە دەکرێت بودجەی زەبەلاحی تێدا نەبێت، دەگونجێت یانەکان بتوانن خۆیان بەرهەمهێنەری یاریزان بن و خاوەن ئەکادیمیای خۆیان بن، خۆیان خاوەن توانا بن، نەوەک کڕیاری توانا و هێزی تۆپی بن. خۆیان خاوەن تۆپی پێ و تاکتیکی خۆیان بن.
لەلایەن کرۆیڤەوە، هەر هۆڵەندا بوو فەلسەفەو عەقڵی هێنایە تۆپی پێ، هەر هۆڵەندایش ئەتوانێت دووبارە تۆپی پێمان بە مانا ڕاستەقینەی پێشکەش بکاتەوە.
ئەمشەو ڕۆحی کرۆیڤ بە ئارامی دەنوێت. ئەمشەو هۆڵاند دووبارە سەلماندییەوە: کە خاوەنی عەقڵ و مانای تۆپی پێیە…

بابەتی زیاتر

Back to top button