ئیتاڵیائینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

رایۆڵا: مان یونایتد نەک پۆگبا بەڵکو ماڕادۆنا و پێلێ ش لەناو دەبەن!!

مینۆ رایۆڵا بریکاری بەناوبانگی یاریزانان جارێکیتر بەلێدوانە توندەکانییەوە بووەوە باسی میدیاکان و ئەمجارەیان بە توندی هێرشی کردە سەر یانەی مانچێستەر یونایتد.

رایۆڵا بریکاری پاوڵ پۆگبای ئەستێرەی مان یونایتدە ، یاریزانەکەی ماوەی دوو وەرزە بە ئاستێکی ناجێگیردا تێدەپەڕێت و رایۆڵا هۆکارەکەی بۆ یانەکەی دەگەڕێنێتەوە و وتی ” چیتر یاریزان نابەم بۆ مان یونایتد، ئەوان نەک پۆگبا بەڵکو ماڕادۆنا و پێلێ و ماڵدینیش لەناو دەبەن پاوڵ پێویستی بە یانەیەکە کە پڕۆژەی وەرزشی روون و باشی هەبێت هاوشێوەی سەردەمی زێڕینی یوڤێنتۆس کە خۆی یاری تێدا دەکرد”.

رایۆڵا باسی چەند یاریزانێکی دیکەشی کرد کە ئەم نوێنەریان دەکات و وتی ” زڵاتان جارێکیتر گەڕاوەتەوە ئەورووپا و چێژ وەردەگرێت لە یاریکردن. نەمتوانی رێگە بە خۆم بدەم کۆتا کاروانی لە لۆس ئەنجلس بێت. بەڵکو دەبوو لە سان سیرۆ بێت”.

ناوبراو هەر لەو لێدوانەیدا بۆ لا ریپەبڵیکا باسی ئێرلینگ هالاندی کرد و وتی ” ئەو نەچووە یوڤێنتۆس چونکە ئیتاڵییەکان نازانن بەهرەی خۆشیان گەشە پێبدەن جا چ جای هی وڵاتێکی دیکە. ئەو بەرگریکار نیە تاوەکو لە ئیتاڵیا بتوانێت گەشە بکات”.

دواجار باسی مۆیس کینی کرد کە لە یوڤێنتۆسەوە گوێزرایەوە بۆ ئێڤەرتۆن و بارودۆخی باش نیە “زۆر دڵتەنگم بۆ بارودۆخی ئەو، ئێڤەرتۆن لە ئاستی رازی نیە و منیش نەمدەبردە ئەوێ ئەگەر ئینگلیزییەکەی زۆر باش نەبووایە چونکە قورسە بۆ یاریزانێکی ئیتاڵی بتوانێت لە دەرەوە پەرە بەخۆیبدات”.

رایۆڵا یەکێکە لەبەناوبانگترین بریکارەکانی جیهان و ساڵانە داهاتی لە موچەی زۆربەی ئەستێرە گەورەکانی جیهان زیاترە.

بابەتی زیاتر

Back to top button