ئینگلتەرا

مۆرینهۆ : کۆنتی هۆکاری بردنەوەکەی چێڵسی بوو

یاریگا-خۆزێ مۆرینهۆ پێی وایە جێ پەنجەی ئەنتۆنیۆ کۆنتی بەسەر چێڵسی دا  دیارە و ئەوە هۆکاری ئاستە بەرزەکەی بلوز بووە بەرامبەر تۆتنهام.

چێڵسی بە سەرکردایەتی فرانک لامپارد شکستی بە تۆتنهامەکەی خۆزێ مۆرینهۆ هێنا بەڵام راهێنەرە پۆرتوگالییەکە پێی وایە ئەنتۆنیۆ کۆنتی رۆڵی سەرەکی هەبووە لە دۆڕانەکەیان و وتی “ئەوان لە ئێمە باشتربوون لە نیوەی یەکەمدا و ئەمەش ئاسانە دانی پێدا بنێم چونکە ئەوان بە سیستەمێک یاری دەکەن کە زۆر ئاسوودەن لەگەڵیدا. بۆ دوو ساڵ بەو سیستەمە لەگەڵ ئەنتۆنیۆ کۆنتی یاریان دەکرد و زۆرێک لە یاریزانەکانی بە باشی بەکاری دەهێنن. ئالۆنزۆ، ئەزپیلیکویتا، کانتی، ویلیان لەوانن کە زۆر ئاسوودەن بەو شێوازە یاری کردنە. کێشەی زۆریان بۆ دروستکردین و تۆپ زۆربەی کات لە نیوەی ئێمەدابوو بۆیە بەڵێ ئاسانە بڵێم ئەوان باشتربوون”.

خۆزێ دواتر بەرگری لە خۆی کرد و وتی “هەرچەندە گۆڵەکان لەرێگەی باشتربوونیان نەبوو بەڵکو گۆڵی یەکەم بە هەڵەیەکی گەورەی خۆمان بوو. گۆڵی دووهەمیش بە لێدانی سزابوو. بۆیە گۆڵەکان لە هەڵەی ئێمەوە بوو”.

شکستەکەی ئەمشەو سێهەم دۆڕانی مۆرینهۆ بوو وەکو راهێنەری تۆتنهام لە کۆتا پێنج یاریدا. دووانەکەی دیکە بەرامبەر مانچێستەر یونایتد و بایەرن میونشن بوون.

بابەتی زیاتر

Back to top button