یاریگا-ئەمشەو لە یاری جامی سوپەری ئیتاڵیادا یانەی لازیۆ سەرکەوتنێکی مێژوویی بەسەر یوڤێنتۆس تۆمارکرد و بۆ پێنجەم جار بووە پاڵەوانی جامەکە.
یۆڤی وەک براوەی خول و لازیۆش وەک براوەی جامی ئیتاڵیا لە پێناو سوپەردا لە سعودیە رووبەرووی یەک بوونەوە. هەر لە سەرەتاوە هەڵۆکانی ئیتاڵیا بە ئاستێکی بەرزەوە دەستیان پێکرد و سەرکەوتوبوون لە گۆڵی یەکەم لە رێگای لویس ئەلبێرتۆ بەڵام بەر لە کۆتایی نیوەی یەکەم یۆڤی لەرێگەی دیبالا ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە. لە نیوەی دووهەم لازیۆ مەترسیدار دەبینران . سەرەڕای کۆنترۆڵی تۆپی رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی نەیانتوانی مەترسییەکانی ئەوتۆ دروست بکەن لە بەرامبەردا لولیچ سوودی لە تۆپێکی بەرز وەرگرت بۆ گۆڵی دووهەم و لە کۆتا خولەکیشدا بە لێدانێکی راستەوخۆی جوان کاتاڵدی گۆڵی یەکلاکەرەوەی تۆمارکرد.
لازیۆ لە وەرزی ئەمساڵدا بە سەرکردایەتی سیمۆنی ئینزاگی ئاستێکی بەرز نیشان دەدات و لە سەر ئاستی خولی ئیتاڵیا لە پلەی سێهەم دایە لە دوای ئینتەرمیلان و یوڤێنتۆس.