ریاڵ سۆسیداد بانگهێشتی ئەو یانەیە دەکات کە ٨-٠ لێی بردەوە
یاریگا-شەوی رابردوو لە جامی کۆپا دێل ڕەی یانەی ریاڵ سۆسیداد شكستی بە یانەیەکی پلە چوار هێنا بە ئەنجامی ٨-٠. ئەمڕۆش ئەو یانەیەی بانگهێشتی یارییەکی لالیگا کرد.
یانەی بێچێریل لە باکوری ئیسپانیا بنکەی لە گوندێکە کە ٧٥٤ کەسی تێدادەژی و لە خولی پلە چوار یاری دەکەن، بەڵام لە بێ بەختی خۆیاندا و لە تیروپشکی جامی شای ئیسپانیا رووبەرووی ریاڵ سۆسیداد بوونەوە و یانەکەی لالیگاش رەحمی پێ نەکرد.
ئەمڕۆ جۆکین ئاپەربای سەرۆکی ریاڵ سۆسیداد ئاشکرایکرد داوەتی تەواوی یاریزانان و شاندی ئەو یانەیەی کردووە بۆ ئەوەی بینەری یارییەکی لالیگا بن لە یاریگای ئەنۆیتا. جگە لەوەش خەرجی رێگا و مانەوە و خواردن لە ئەستۆی سۆسیداد دەبێت.
خوان ئەنتۆنیۆ ریدۆندۆی سەرۆکی یانەی بەرامبەریش بۆ مارکا ئاشکرایکردبوو دوای شکستەکەیان یاریزانان و ستافی سۆسیداد هاتوونەتە لایەن بۆ دڵدانەوەیان و بەهیوا خواخستنی بەختێکی باش.