ئەرشیڤ

من و نابینایەک لە وەسفی تۆپی پێدا

نوسینی : عیماد نوح

یاریگا- لاکێشەیەکی جوان دیارە، هەست دەکەم جوانیەکی تایبەتی هەبێت، کەش و هەوایەکی جیاوازت بۆ دروست دەکات، هەست دەکەم ئێرە وەک بەهەشت وابێت، لێرەدا دڵەکان جوانن، هەست دەکەم هەموو دەم بە خەندە بن ئەوانەی ئێرە، دەنگ و هاوارکردنەیان لەبەر خۆشیە و بێ تاقەتی و بێزاری لێرەدا بوونی نیە! من حەزدەکەم لێرەبم، وایە لاکێشەکە نابینم، وایە یاریزانەکان نابینم، وایە گۆڵەکان نابینم، بەڵام هەست بە ئاسوودەیەکی زۆر دەکەم، وایە نابینام بەڵام ئێرە دەرمانێکە بۆم.

ئەمە قسەی هاندەرێکی نابینایە، لە کتێبی ” بەسەرهاتەکان “ەوە نوسیومە، وەها وەڵامیم دایەوە.

بەڵێ، لێرەدا هەستێکی جیاواز بوونی هەیە، لێرەدا ئینسان دوور لە بێزاری و دوور لە دڵتەنگی لەسەر کورسیەوە نیگای ئەستێرەکان دەکەن، وەلێ کۆتایی لایەک دڵتەنگ دەبێت بەڵام چێژێکی جوانی هەیە.

بەڵێ، ئێرە هەم دەرمانە هەم قوتابخانە، ئەوەتا تۆی نابینا و کەمئەندامان دڵخۆش دەبن پێی، ئاسوودە دەبن، پێ دەکەنن، ئەمە دەرمانێکە لەهیچ نەخۆشخانەیەک دەست ناکەوێ، تەنها لاکێشەی سەوز نەبێ.

ئەزانی من ئەم لاکێشەیەم وێنا کردووە وەک قوتابخانەیەک، من جگە لە ٩٠ خولەک سەیرکردنی یاری قوتابخانەیەکی مەزن دەبینم، وانەکانی گەلێ جوان و سوودبەخشن، من وای دەبینم، وانەیەک هەبێت تایبەت بە وەفا، ناوەڕۆکی وانەکەش باس لە بۆفۆن و تۆتی و ماڵدینی بکات، من وای دەبینم، وانەیەکی تایبەت هەبێت بە رێزگرتن، ناوەڕۆکەکەی باسی ئێنیستا و چاڤی و پێرلۆ بکات، من وای دەبینم، وانەیەک هەیە جوانترین وانەیە، وانەی کۆڵنەدانە، بێ هیوا نەبوونە، باسی مێسی و کریستیانۆ بکات، کە چۆن بوون و چۆن گەشتن!

ئەزانی من ئەم تۆپی پێیەم بەجوانترین داهێنان داناوە، ئێرە هەموومانی کۆکردەوە، هەموومانی بەیەک ناساند، هەموومانی لەلای یەک خۆشەویستر کرد، ئەزانی گۆرانی جواننوس چی دەڵێت لەسەر تۆپی پێ ؟ دەڵێت:

تۆپی پێ سەرخۆشکەرێکی حەڵاڵە
تلیاکێکە ئارەزوومە هەمیشە مودمینی بم.

بابەتی زیاتر

Back to top button