ئۆڵێمپیادی پاریسعێراق

ئێنراخت براونشڤایگ رێگا بە یوسف ئەمین نادات پەیوەندی بە هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق بکات

یاریگا –

ئێنراخت براونشڤایگی ئەڵمانی رێگا بە یوسف ئەمین نادات بۆ بەشداریکردن لە جامی ئاسیای ژێر 23 ساڵان پەیوەندی بە هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق بکات.

راهێنەری یانەی ئێنراخت براونشڤایگی ئەڵمانی رەتیدەکاتەوە رێگا بە یوسف ئەمین یاریزانی لاوی کوردی یانەکەی بدات بۆ بەشداریکردن لە جامی ئاسیای ژێر 23 ساڵان پەیوەندی بە ریزەکانی هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق بکات، کە رۆژی 15ـی ئەم مانگە بە بەشداریی 16 هەڵبژاردە لە دەوحە دەستپێدەکات.

گەرچی رازی شنێشل راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق دەیویست بۆ جامی ئاسیا پشت بەو یاریزانە کوردە ببەستێت، بەڵام لەبەر ئەوەی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بەشێک نییە لە خشتەی یارییەکانی فیفا و یانەکان دەتوانن رێگا بە یاریزانەکانیان نەدەن بەشداریی بکەن، راهێنەری یانە ئەڵمانییەکە سەرەڕای هەوڵەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رەزامەندیی نەداوە.

جگە لە یوسف ئەمین، زیدان ئیقبالیش لەلایەن راهێنەری ئوترێختی هۆڵەندییەوە رێگای پێنادرێت پەیوەندی بە ریزەکانی هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراقییەوە بکات.

وابڕیارە سێ یاریزانی کورد (بڵند ئازاد، رۆمان دۆلاشی، هەڵۆ فایەق) لە ریزی هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق بەشداریی پاڵەوانێتییەکە بکەن، کە هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق دەیەوێت بلیتێکی بەشداریکردن لە ئۆڵێمپیادی پاریس بەدەست بهێنێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button