عێراقگرنگترین

قوە جەوییە: خەریکبوو لە دهۆک تیرۆر بکرێین و دەکشێینەوە

یانەی قوە جەوییە هەڕەشەی کشانەوە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات

یاریگا –

شەوی رابردوو یەکشەممە، دهۆک یاری لووتکەی گەڕی بیستەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقی بە ئەنجامی 2-1 لە قوە جەوییە بردەوە.

بەر لە فیکەی کۆتایی ناوبژیوانی یارییەکە و لە کاتی زیادکراودا، چەند هاندەرێکی دهۆک چوونە سەر چیمەنی یاریگای دهۆک و هێرشیانکردە سەر چەند یاریزانێکی قوە جەوییە و دواتر پێکدادانی توند لە نێوانی یاریزانانی جەوییە و دهۆک روویدا.

قوە جەوییە بەیاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوە و داوا لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەکات، تەواوی یاساکان لەسەر دهۆک جێبەجێ بکات، ئەگەرنا هەڕەشەی کشانەوەی لە خولەکە دەکات

خەریکبوو لە یاریگای دهۆک تیرۆر بکرێین و هەوڵی وەحشیگەرایی کرایە سەر یاریزانانمان و خەریکبوو ببنە قوربانی. لە یەکەم خولەکەوە تاوەکو کۆتا خولەک هەستمان بە نائارامی کرد. لە یاریگای دهۆک چەند یاریزانێکمان لە هەوڵی تیرۆرکردن رزگاریان بوو. بەر بەرچاوی تەواوی خەڵکەوە، بە ئامرازی پۆڵاین هێرشکرایە سەرمان و خەریکبوو یاریزانانمان ببنە قوربانی. هێرش و لێدانەکان زۆر بە ئەنقەست بوون. دوا 20 خولەکی کۆتایی یارییەکەمان لە کەشێکی پڕ ترسەوە بەڕێکرد. بۆیە ئەنجامی یارییەکە گرنگ نەبوو، بەڵکو سەلامتی ژیانی یاریزانان گرنگتر بوو.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، قوە جەوییە هێرشێکی توندی کردووەتە سەر سەرپەرشتیار و ناوبژیوانی یارییەکە

ئاسایشپارێزان لە یاریگای دهۆک نەبوون و نازانین چۆن سەرپەرشتیار و ناوبژیوانی یارییەکە ئەم دیمەنانەیان نەبینیوە، چونکە یارییەکە بەبێ بوونی کارمەندی ئەمنی تەواو بەڕێوەچوو. پێچەوانەی رووداوەکان، ناوبژیوان کارتی سووری بە محەمەد حەمید، گۆڵپارێزی یانەکەماندا، هەرچەندە هێرشیکرابووە سەر.

قوە جەوییە داوای جێبەجێکردنی یاساکان دەکات، ئەگەرنا لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکشێتەوە

نەمانویست لە یارییەکە بکشێینەوە و بە عاقڵانە مامەڵەمان لەگەڵ دۆخەکەدا کرد و نەمانویست ‘پۆر سەعید’ێکی دیکە لە خولەکەمان دروست بێت. بەڵام ئێمە داوا لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەکەین، بەبێ ‘موجامەلە’ یاسا بەسەر دهۆک و هاندەرانی جێبەجێ بکات، چونکە هەڕەشەی جددی لەسەر ژیانی یاریزانانمان هەبوو، ئەمە هەمووی بە بەڵگە بەردەستە و بووە هۆکاری دۆڕانی تیمەکەمان. دەبێ یاسای فیفای تایبەت بە بەڕێوەچوونی یاری لە دۆخێکی ئەمنی نالەباردا جێبەجێ بکرێت.

سەرەڕای دۆڕانی یارییەکە، قوە جەوییە بە کۆکردنەوەی 46 خاڵ لە پلەی یەکەمدا مایەوە و دهۆک بەکۆکردنەوەی 32 خاڵ بۆ پلەی سێیەم سەرکەوت.

بابەتی زیاتر

Back to top button