ئینگلتەرافه‌ره‌نسا

ئێڤرا جارێکیتر بەڕوونی بەرگری لە ئیسلام دەکات

پاتریس ئێڤرا ئەستێرەی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد و هەڵبژاردەی فەڕەنسا بۆ دووهەمجار لە ماوەی هەفتەیەکدا بەوپەڕی تواناوە بەرگری لە ئاینی ئیسلام دەکات.

ئێڤرا لە میانەی دیمانەیەکدا  لەگەڵ سکای سپۆرت ستایشی ئیسلامی کرد و بە دینی ئاشتی و ئارامی ناوی برد، ئەوەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و بەشێک لە مەسیحییە توندڕەوەکان رەخنەیان لێگرت.

ئێڤرا ئەمڕۆ لە ئینستاگرام پەیامێکی دوروودرێژێ بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی

دەمەوێت بۆچوونی خۆم دەربڕم لەسەر ئەوەی کە روودەدات سەبارەت بە ئایین. من شەش زمان دەزانم و وەکو کاتۆلیکی گەورەکراوم بەڵام دەمەوێت وەک چۆن فێری زمان بووم، وەهاش فێری ئایینەکان بم. ئێستا من فێری ئیسلام دەبم و قورعان دەخوێنمەوە، تا زیاتر گەورە دەبم زیاتر پرسیاری ژیان لە خۆم دەکەم. من بڕوام بە خوایە، بڕوام بە حەزرەتی مەسیحە ئیتر بۆچی بڕوات بە پێغەمبەر محەمەد نەبێت.

هەندێک کەس ئایین بەکاردەهێنن بۆ نانەوەی جەنگ و کوشتنی خەڵکی بێ تاوان لە تەواوی جیهان دا. هەندێک کەس هەڵدەخەڵەتێنرێن بەناوی دینەوە، هەندێک میدیا و سەرکردەش دەیانەوێت رق دژی ئەو ئایینە دروست بکەن. ئەوەی دەمەوێت پێتان بڵێم ئەوەیە بەر لەوەی کەسێکیتر پێت بڵێت و  حوکمی لەسەر بدەیت، سەرەتا خۆت فێری ئەو ئایینە بکە.

دووبارە دەیلێمەوە ئیسلام ئاینێکی زۆر جوانە و مەبەست لێی ئاشتییە. مەبەست لێی یارمەتیدانی یەکترە.. دەبێت چیتر بەقسەی میدیاکان هەڵنەخەڵەتێین. خودا ئێمەی بۆ ئەوە دروست نەکردووە خەڵکی بێ تاوان بکوژین. ئامانجێک هەیە لە بوونی هەریەکەماندا. من دەمەوێت زۆرترین جوانی و زۆرترین دڵخۆسی ببەخشمەوە.. هەموومان یەکجار دەژین و ئەگەر لەم دنیایەداین هۆکارەکەی ئەوەیە خودا دەیەوێت ئێمە لێرەبین و ئامانجێکی بۆ هەریەکەمان هەیە. من تۆپی پێ دەکەم و زۆر هەوڵمداوە تاوەکو یارمەتی خەڵکی بدەم. من ٤٠٠ منداڵم هەیە لە سەنیگال کە هاوکاریان دەکەم و هیوادارم لە زۆر شوێنی دیکەی جیهان بتوانم کاری خێرخوازی بکەم. ئەمە بۆ ئەوە ناڵێم ستایش بکرێم بەڵام دەزانم ئەوە ئامانجی منە لەسەر ئەم هەسارەیە و هەروەها ئەوەشە کە هەوڵبدەم ببمە باشترین مرۆڤ. بارودۆخەکەت هەرچۆنێک بێت هەمیشە دەتوانێت ببیتە باشترین مرۆڤ بەپێی توانا. بۆ من ئەوە ئایینێکی نموونەییە کە بمانکات بە مرۆڤێکی باش. کەسێکی ئایینی بیت مانای ئەوە نیە بەتەنها کە نوێژ بکەین بەڵکو ئەوەیە لە کردەوەت دیار بێت. من نوێژ لە هەموو شوێنێکی دینی دەکەم جا کەنیسە بێت یان مزگەوت یان کەنیسەی جولەکە. ئەمە مانای ئەوە نیە من سەرم لێشێواوە بەڵکو مانای ئەوەیە کەسێکی کراوم و هەموومان هەمان خوا دەپەرستین. من بڕوام وایە ئەمە دین فێرت دەکات خۆت باشتر بناسیت، لەرووی رۆحییەوە و هەروەها جیهان بەشێوەیەکی تر دەبینین. رق بوەستێنن و مەترسن لەو شتانەی کە نایزانن. تیرۆر بوەستێنن و رێزی هەموو دینێک بگرن. ئەگەر لە دینێک دەترسێیت هەوڵبدە لەبارەی ئەو دینەوە فێربیت بەر لەوەی حوکمی لەسەر بدەیت. ئەمە بۆچوونی منە و ئەم جیهانە پێویستی بە کردەوەیە نەک قسە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button