ئه‌وروپائیسپانیا

یانەی بارسێلۆنا لەسەر چەند بەندکراوێکی کەتەلۆنی هاتە دەنگ

یاریگا- یانەی بارسێلۆنا بە ڕاگەیەندراوێکی فەرمی هەڵوێستی خۆی نواند سەبارەت بەو نۆ کەسەی لەلایەن دادگای باڵای حکومەتی ئیسپانیاوە سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە دادگای باڵا ڕەتی کردەوە ئەو نۆ کەسە ڕزگار بکات، کە چەند فیگەر و سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆنی دیاری هەرێمی کەتەلۆنیان و بە پاساوی پشێوی و ئاژاوە نانەوە دەستگیرکراون لە دەرەنجامی ڕاپرسیەکەی ساڵی 2017 بۆ سەربەخۆیی هەرێمەکەیان لە ئیسپانیا.

وەک کاردانەوەیەکی خێرا لە پای بڕیارەکەی دادگا، یانەی بارسێلۆنا وێڕای پیشاندانی پاڵپشتی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە ئازادیی و، ئازادی ڕا دەربڕین و مافی بڕیاردان، دووپاتیشیان کردۆتەوە کە بەندکردن هیچ چارەسەرێکی نەهێناوەتە بوون. هەر لە چوارچێوەی بەیانە فەرمییەکەیاندا بانگی هەموو سەرکردە سیاسییەکانیان کردووە بۆ سازدانی گفتوگۆ و دیالۆگی سیاسی بۆ گەشتن بە چارەسەری کێشە و ئاڵۆزییەکان و ڕزگارکردنی بەندکراوانی مەدەنی و سیاسی.

هەر زوو جێرارد پیکی لە تویتەری خۆیەوە بەیاننامەکەی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: “شانازییە کە بەشێکم لەم یانەیە.”

کێشەی نێوان هەرێمی کەتەلۆنیا کە شاری بارسێلۆنا پایتەختەکەیەتی، لەگەڵ حکومەتی ئیسپانیا ڕەگێکی قووڵ و مێژوویی هەیە و زۆر جار یاریزانانی بارسا، دیارترین جێرارد پیکی، لە زۆر بۆنەی جیاوازدا خۆیان هەڵقورتاندووەتە ململانێکەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button