ئه‌وروپائیسپانیا

کازیمیرۆ: بۆ هەموو تۆپێک وا دەچم وەک وایە قاپێک خواردن بێت!

یاریگا- لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا کاسیمیرۆی بەڕازیلی چەند قسەیەکی نامۆی لە زار هاویشتە دەر و هەر زوو بووە جێی سەرنجی میدیاکان.

یاریزانەکەی ڕیاڵ لە بەرنامەی “یونیڤێرسۆ ڤاڵدانۆ” کە خۆرخێ ڤاڵدانۆی یاریزان و ڕاهێنەری پێشوو لە کەناڵی مۆڤیستار پێشکەشی دەکات، باسی ڕژد بوون و خرۆشانی خۆی کرد لە کاتی یاریدا و ئەو ساتانەی کە دەچێتە سەر یاریزانێک بۆ تۆپ لێ وەرگرتنی، گوتی: “گوێ نادەمێ کە خولەکی سەرەتایە یاخود خولەکی 90. من هەمیشە وەها دەچم بۆ تۆپێک کە قاپێک خواردنبێت. وا بۆی دەچم کە ئەوە کۆتا تۆپە.”

هەر لەو چاوپێکەوتنەدا کە 15ی ئەم مانگە بە تەواوەتی بڵاو دەبێتەوە، باسی لەو ترس و نیگەرانیەی خۆی کرد لە سەرەتای هاتنی زینەدین زیدان دوای ڕۆشتنی ڕافایل بێنیتێز و گوتی: “بیرمە کاتێک زیدان هات، لە یەکەم یارییەکانیدا یاری پێ نەدەکردم. وتم دەبێت ئەم کابرایە چی بێت؟ ئەوە بوو چووم بۆ لای و پێم گوت ڕاهێنەر، ئەوە ئێمە لە مانگی یەنایەرداین. من دەمەوێت کاتی زیاتر یاری بکەم، دەمەوێت یاری بکەم. ئەویش پێی گوتم کاسی، ئارامبە، تۆ کە یاریت پێکرا ئیتر وەستاندنەوەت نییە.”

لەوەتەی ساڵی 2013 یاریزانە 27 ساڵانەکە لە ڕیاڵ مەدریدە و بە یەکێک لە ڕەگەزە گرنگەکانی یانەکە دادەنرێت. لەگەڵ هاوتیمەکانیدا چوار جار براوەی چامپیۆنزلیگن.

Back to top button