فه‌ره‌نسا

ئالڤێس: پێویست بوو پاریس زیاتر گوێیان لێم بگرتایە

یاریگانێت- دانی ئالڤێسی بەڕازیلی ڕەخنەی ڕاشکاوانەی لە یانەکەی دەگرێت بەوەی پاریس بە گوێرەی پێویست گوێیان نەداوەتە ئامۆژگارییەکانی، هاوکات باسی ئەوەش دەکات هەندێک لە یاریزانەکان لە نێمار تێناگەن.

ئالڤێس لەگەڵ ڕادیۆی RMC کە لەلایەن کریستیان دوگاری یاریزانی پێشووتری هەڵبژاردەی فەڕەنساوە میوانداریی چاوپێکەوتنەکە کرابوو، دەڵێت: “من نامەوێت خۆم گەورە بکەمەوە، بەڵام من دەزانم چۆن ببەمەوە، دەشزانم چۆن بدۆڕێم. کاتێک شتێک دەڵێم، پێویستە پەیڕەویی لێ بکرێت. ئەمە نەک لەبەر ئەوەی کە من لە هەموو ئەوانیتر زیاتر دەزانم، نەخێر، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە من پێشتر بە ئەزموونەکەدا ڕۆشتووم.”

ئەم ڕەخنانەی ئالڤێس لە کاتێکدایە کە یانەکەی پایتەختی فەڕەنسا ئەنجامەکانی لە چامپیۆنسلیگ لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نییە، سەرەڕای هەبوونی یاریزانی سوپەرستار و ئەنجامدانی گرێبەستی گرانبەها و ڕیکۆردشکێن. باڵە ڕاستە بەڕازیلییەکە پێشتر تەواوی نازناوەکانی لەگەڵ بارسێلۆنا بەدەست هێناوە، زیاتر دەدوێت و دەڵێت: “ڕەنگە وا پێویست بکات کە گوێ لە کەسێک بگریت کە ئەو ئەزموونەی دیبێت، تۆش خۆت لەسەر ئەزموونەکانی بونیات بنێیت. من پێشتر هەموو نازناوەکانم بردۆتەوە، ئێستاش قسە لەسەر ئەو قۆناغانەم و ئەو شتانە دەکەم کە فێری بووم.”

سەبارەت بە دۆخی نێیماری هاونیشتیمانییشی لە پی ئێس جی کە لە هەموو کات زیاتر لەژێر گومانەکاندایە، ئالڤێس بەرگریی لێدەکات و پێی وایە کێشەکە نێیمار نییە، بەڵکوو یاریزانەکانی چواردەوری نێیمارن، بۆیە وەها دەبێژێت: “ئەو لەلایەن یاریزانەکانیترەوە لێی تێناگەن. نێیمار کەسێکە کە هەمیشە دەبێت لە نێو یاریگادا هەتبێت، چونکە شتانێکت پێدەبەخشێت کە تۆ نیتە، تۆ تەنها تۆپەکەی پێ بدە، ئیتر ئەو دەزانێت چی لێ بکات.

نێیمار یاریزانێکە، وا لە خەڵکی دەکات ڕوو بکەنە یاریگا. کاتێک من پارە دەدەم بۆ کڕینی تکتێک، پارەم داوە بۆ بینینی نمایشێک، خەڵکیش نمایشی دەوێت.” بەو باسکردنە، دانی تەمەن 35 ساڵ، نموونەیەکی سەردەمی بارسێلۆنا دەهێنێتەوە بیر لەبارەی لیۆنێل مێسی هاوتیمی ئەو وەختەی، بۆیە دەڵێت: “کە مێسی تۆپێکی لێ بسەندرایە، ئێمە وەک شێت ڕامان دەکرد بۆ وەرگرتنەوەی تۆپەکە تا بۆی بهێنینەوە، ئیتر شتی چاوەڕوانکراو ڕووی دەدا.”

بۆ زانین، دانی ئالڤێس زۆرترین نازناوی بردۆتەوە لەنێو سەرجەم یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێدا.

Back to top button