کوردستانگرنگترینیاریگا

یاریگا پەردە لەسەر خولێکی شاراوەی تۆپی پێ لە کوردستان هەڵدەداتەوە

یاریگا- لە گەرمەی بێ هیوایی وەرزشکاران و هەواداران لە خراپی ئاستی وەرزش لە کوردستاندا ، لە نەبوونی  پاڵەوانێتی پیشەگەرانە و فیدراسیۆنێکی کارامە، کۆمەڵە گەنجێک  خولێکی ئەلیکترۆنی بەناوی  پریمەرلیگی کوردستان لە سەکۆیەکی ئۆنڵاین بەڕێوەدەبەن. ئەوان خولەکەیان گەیاندووەتە ئاستی خولی وڵاتان بەڵام زۆرینەی خەڵک ئاگاداری کارەکانیان نین. یاریگا  وەک یەکەم لایەن پەردە لەسەر جیهانێکی شاراوەی تۆپی پێ هەڵدەداتەوە و بەم خولەتان ئاشنادەکات.

یاری ڤیدیۆیی فیفا یەکێکە لە ناوداترین یارییەکانی جیهان و جگە لە هەوادارانی یاری ئەلیکترۆنی، زۆرینەی یاریزانان و کەسایەتییە وەرزشی و ناودارەکان رۆژانە بەکاری دەهێنن.  بە تێپەڕبوونی کات تۆپی پێی ئەلیکترۆنی زۆر نزیک کراوەتەوە لە تۆپی پێی راستەقینە و ساڵانە یاریزانان بە تاسەوە چاوەڕێی ئەوەی بزانن هەڵسەنگاندنی ئەو یارییە بۆ ئاستی ئەوان چەندە. ئەو یاریزانەشی زۆرترین پلەی پێدەدرێت هاوشیوەی خەڵاتە جیهانییەکان لە رۆژنامە و میدیاکان بڵاودەکرێتەوە.

یەکێک لە شێوازە بەناوبانگەکانی ئەو یارییە پێی دەوترێت پڕۆ کڵەب یاخود یانە پیشەگەرەکان. تێیدا بەکارهێنەر یاریزانێک  دروست دەکات زۆرجار لەسەر شێوە و باڵا و پێگەی یاریکردنی خۆی  و تەنها کۆنترۆڵی ئەو یاریزانە دەکات لەنێو یاریگادا. بە تێپەڕبوونی کات بەپێی ئاست خۆی، توانستی لە یارییەکەدا بەرز دەبێتەوە.

هەر یاریزانێک پێگەیەک لە نێو یاریگا هەڵدەبژێرێت و لەگەڵ ١٠ یاریزانی دیکە تیمێک پێکدەهێنن. لە جیهاندا ئەم تیمانە بەشێوەیەکی رێکخراو لە چوارچێوەی خولێکی ئەلیکترۆنی بەپێی وڵاتەکانیان جیادەکرێنەوە. هەر وڵاتێک خولێکی تایبەت بە خۆی هەیە.

لە کوردستان گەنجێک بە ناوی دیاری حەسەن خولی پریمەرلیگی کوردستان بەڕێوەدەبات. جگە لە خولی کوردستان بەشێک لە یانە بەهێزەکان بەشداری خولی عێراق و جامی نێودەوڵەتین. ئەمە جگە لەوەی توانیویانە هەڵبژاردەی کوردستان دروست بکەن و بیگەیەننە یاری پێش کۆتای جامی ئەفرۆ ئاسیا

. بۆ زانیاری زیاتر دیمانەیەکمان لەگەڵ دیاری حەسەن ئەنجامدا

یاریگا: سەرەتا باسی خولی کوردستانمان و شێوازی خولەکەمان بۆ بکە

ئەم خولە لە ماڵپەڕێکی جیهانییەوە بەڕیوەدەچێت. هەر یاریزانێک لەو ماڵپەڕە هەژمارێک بۆخۆی دروست دەکات. دواتر کاپتنی یانەکان گرێبەستیان پێشکەش دەکەن. لە ماڵپەڕەکەدا زانیاری تەواو هەیە کە هەفتانە لەگەڵ کێ  یاریت هەیە لەگەڵ کاتەکانی. هەروەها کاپتنی یانەکان ئاستی یاریزانەکانیان داخڵی ماڵپەڕ دەکەن و لەوێوە باشترین پێکهاتەی هەفتە دەستنیشان دەکرێت. زۆر یانەی بەهێز هەیە لە کوردستان دا کە لە عێراق و وڵاتە عەرەبییەکان ناوبانگیان پێداکردووە. وەرزی رابردوو دووهەمو  سێهەمی عێراق یانەی کوردی بوون. وە لە پاڵەوانێتییە عەرەبییەکاندا تیمێکی کوردی توانی جامەکە ببات.

 

هەمووکەسێک لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانێت خول دروست بکات؟

هەموو وڵاتێک دەتوانێت تەنها یەک خول هەبێت، ماندوبوونی ئیدارە و سیاسەتی کارکردنمان وای کرد کوردستان وەکو وڵاتێک سەیربکرێت

 

یاریگا: هیچ جامێک هەیە بە وڵاتانی دیکەی عەرەبیتان ببەستێتەوە هاوشێوەی جامی یەکێتی و جامی پاڵەوانەکانی ئاسیا؟

جامی ئەفرۆ ئاسیا هەیە کە یانەکانی ئاسیا و ئەفریقا لە پاڵەوانێتیەک کۆ دەکاتەوە. لەڕووی هەڵبژاردەش هەڵبژاردەی کوردستانمان هەیە کە بەشداری جامی نەتەوەکانی ئەفرۆ ئاسیایە. جامی جیهانیش هەیە بۆهەڵبژاردەکان کە دوای پاڵاوتن پێی دەگەیت

 

یاریگا : ئایا ئەم خولانە فەرمین و لەلایەن فیفاوە سەرپەرشتی دەکرێن؟

لە ئێستادا هەموو وڵاتان لە هەوڵی ئەوەدان بکرێن بە فەرمی. لە وڵاتانی دیکە وەک چۆن یەکێتی تۆپی پێی کوردستان هەیە بەهەمان شێوە یەکێتییەک بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان هەیە و هیوادارم حکومەتی هەرێم لە کوردستانیش بیکاتەوە. ئەمە خزمەتێکی زۆری گەیمەران دەکات.

 

ئایا پلە هەیە بۆ خولەکانی وڵاتان؟

لە هەروڵاتێک یەک خولە بەڵام ئەگەر یانە زۆربێت ئەتوانرێت زیاتر لە پلەیەک بێت. بۆ نموونە لە سعودیە  تا پلە پێنج هەیە و ساڵانە بەپێی ئەنجامی کۆتایی وەرز دابەزین و سەرکەوتن هەیە. سێ یانەی یەکەم سەردەکەون و سێ یانەی کۆتایی دادەبەزن.

 

یاریگا: ئێوە هیچ سپۆنسەریکتان هەیە ؟

تا ئێستا سپۆنسەرمان نەبووە بەڵام ئەمساڵ لە یاری فیفا ٢٠ توانیومانە سپۆنسەرێک بدۆزینەوە، هەرچەندە شتێکی بچووکە و زۆرینەی خەرجییەکان لەسەر خۆمانن.

 

ئەگەر ببنە براوەی جامێک یان خولێک هیچ خەڵاتێک دەکرێن؟

بەڵێ، هەندێک لە پاڵەوانێتییەکان خەڵاتی داراییان لەسەرە و ئەوانی دیکە تەنها رەمزین.

 

باسی ئەوەت بۆ کردین کاپتنی هەر یانەیەک دەتوانێت یاریزان بگوازێتەوە. بازاڕی گواستنەوە چۆنە؟

دوو  بازاڕی گواستنەوە هەیە تەنها لەو کاتەدا یانەکان دەتوانن یاریزانی نوێ بهێنن. یەکێکیان لە سەرەتای وەرز و ئەوی دیکەیان ناوەڕاستی وەرز.

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button