ئه‌وروپائیسپانیا

سیریزۆ: بە کۆمیدیترین شێوە گاڵتە بە سزای “300” یۆرۆییەکەی بارسا دەکات

یاریگا- سزای ماددی “300” یۆرۆ سەپێنراو بەسەر بارسێلۆنادا لە گواستنەوەی ئەنتوان گریزمان، کاردانەوەی میدیای زۆری لێکەوتەوە. لە دوایین کاردانەوەکانیشدا ئەم جارە ئێنریکی سیریزۆی سەرۆکی یانەی ئەتڵەتیکۆ مەدرید بە شێوەیەکی کۆمیدی هاتە دەنگ.

لە دەرکەوتنیدا لە بەرنامەی El Larguero، سەرۆکی یانە مەدریدییەکە ڕووی قسەکانی کردە بەرپرسانی بارسێلۆنا و گوتی: “دەبینم نیگەرانن دەربارەی ئەم کێشەیە. لەناو ئۆتۆمبیلەکەمدا گوێم لێدەگرتن. ئەوە چۆنە کە مشتومڕی 300 یۆرۆ دەکەن؟ پارەکە بدەن و تەواو. بابەتەکە لای ئێمە زۆر ڕوونە و بەجێمان هێشتووە بۆ تیمی یاساییمان. نازانم ئەوانیش بەڵگەیان هەیە یاخود نا. ئەگەر کاری لەسەر بکەن ئەوە مانای ئەوەیە شتێکی لایە. خۆ ئەگەر بەیانی بە سەرخۆشی ئۆتۆمبیل لێبخوڕیت و دوو بۆتڵ ئەلکهوولیشت پێبێت و پۆلیس بتگرێت، هەر هەمان شتە، واتا 300 یۆرۆ سزات دەدەن. بەڵام من خۆم هەڵناقورتێنمە ئەم شتانەوە، پارێزەرەکان ئەو کەسانەن تایبەتن بۆ ئەم بابەتانە.”

قسەکانی سیریزۆ لە کاتێدایە باس لەوە دەکرێت نیازێک هەیە لای بارسێلۆناوە کە تانە لە بڕیاری سزادانەکە بدەن، چونکە وا لێکدراوەتەوە ڕازیبوونی بارسا بە بڕیارەکە، واتا ساغبوونەوەی ئەو پێشێلکارییەی لە گواستنەوەی گریزماندا پێی تۆمەتبار دەکرێن.

بابەتی زیاتر

Back to top button