ئیسپانیاگرنگترین

لە ڤالەنسیا ناکۆکی و یاخیبوون باڵی بەسەر یانەکەدا کێشاوە

یاریگا-یانەی ڤالەنسیا رووبەرووی جەنگێکی ناوخۆیی بووەتەوە پاش دەرکردنی مارسێلینۆ لە راهێنەرایەتی شەمشەمەکوێرەکان و بەر لە یاری بەرامبەر بارسێلۆنا و چێڵسی.

ڤالەنسیا ساڵانێکی زۆرە بە ساتەوەختێکی قورسدا تێدەپەڕێت بەڵام سەرەنجام لەسەر دەستی مارسێلینۆ کەمێک جێگیری بەخۆیەوە بینی کاتێک لە ٢٠١٧دا ئەو پۆستەی گرتە دەست. بەڵام دوور لە هەموو چاوەڕوانییەک پیتەر لیمی سەرۆکی یانەکە بڕیاری دوورخستنەوەی مارسێلینۆی دا کە لەنێو یاریزانان و هاندەرانیشدا زۆر خۆشەویست بوو.

بڕیارەکەی لیم تەواوی یاریزانان و بەشێکی زۆری کارگێڕی یانەکەشی توڕەکردووە تا ئاستی یاخیبوون, بە تایبەت کە ئەنجامەکانی یانەکە لە سێ هەفتەی سەرەتادا هێند خراپ نەبوون و ڤالەنسیا خاوەنی چوار خاڵە ، هاوشێوەی بارسێلۆنا. وە وەرزی رابردوو دوای ١١ ساڵ چاوەڕوانی توانی ڤالەنسیا بە ناسناوێک شاد بکات کاتێک بوونە پاڵەوانی شای ئیسپانیا.

ماڵپەڕی گۆڵ هۆکاری دەرکردنی ئەو راهێنەرەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کێشەی لەگەڵ خۆرخی مێندێزی بریکار هەبووە، مارسێلینۆ ئامادە نەبووە یاری بە یاریزانەکانی ئەو بریکارە بکات کە پێکهاتبوون لە نانی،ئینزۆ پێرێز، ئەیمەن عەبدونور، ئەلڤارۆ نێگریدۆ”. بە هۆی ئەوەی مێندێز کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ڤالەنسیا هەیە سەرەنجام بە دەرکردنی راهێنەرەکە کۆتایی هاتووە.

ئیکزوێل گارای بەرگریکار زۆر بە راشکاوانە لە پێگەی فەرمی خۆی نوسیویەتی “هەرکەسێک ئەم بڕیارەی داوە تەنها هەڵەی بەرامبەر بە تۆ نەکرد بەڵکو بەرامبەر بە یاریزانان و هاندەرانیش. بە دەنگێکی بەرز و بە راشکاوانە دەیڵێم ئەمە رەوای هەق نیە!”.

ئەوەی هێندەی دیکە ڤالەنسیای توڕەکرد، جێگرەوەکەی مارسێلینۆ یە کە راهێنەرێکە بە ناوی سیلادێس و هەرگیز پێشتر کاری راهێنەرایەتی یانەیەکی نەکردووە و تەواوی ئەزموونی کارکردنی یاریدەدەری جولین لیپیتیگوێی راهێنەری پێشووی ریاڵ مەدرید و ئیسپانیا بووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button